موحسین چاوشی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-13-05:06:00 - کۆدی بابەت: 1305
موحسین چاوشی

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

ناوی تەواوی موحسن چاوشی حوسەینییە و لە ڕۆژی 30/7/1979 لە شاری خوڕەمشەهری باشووری وڵاتی ئێران لەدایكبووە، بە ڕەچەڵەك كوردە و دایك و باوكی خەڵكی شاری كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

بەپێی قسەی موحسن چاوشی كە خۆی دەڵێت : (من كوردم بەڵام لە نەخۆشخانەیەكی نێوان شاری ئابادان و خوڕەمشەهر لەدایكبووم).

سەرەتای ژیانی منداڵی موحسن كەوتە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران، بەوهۆیەشەوە خۆی و خێزانەكەی چەندین جار ئاوارەبوون و كۆچیان كردووە بۆ شارەكانی (كرماشان و مەشهەد و قەزوین و كەرەج و كۆتا جاریش بۆ تاران)، ژیانێكی سەخت و هەژارانە ژیاوە و ئەوەش زۆر كاریگەری لەسەر بووە و كاتێك بووەتە گۆرانیبێژ كاتێكی باشی بۆ بابەتەكانی جەنگ و هەژاری و كێشەی كۆمەڵگا تەرخانكردووە لەناو هۆنراوە و ئاوازەكانیدا.

بڕوانامەی دیبلۆمی لە ژمێریاریدا هەیە و زۆر لەگەڵ خوێندندا نەیتوانیووە سەركەوتووبێت، دوای ئەوەش دەست دەكات بە كاری هونەری.

چاوشی هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی منداڵێكە بەناوی زانكۆ، بەڵام ساڵی 2020 بڵاوبوویەوە كە هاوسەرەكەی لێی جیابووەتەوە و پشتڕاست كرایەوە.

ئەوەی چاوشی خۆشەویست دەكات لای خەڵكی جگە لە كارە هونەرییەكانی بریتیین لەو كارە خێرخوازییانەی كە دەیكات، كە زۆرینەی كات لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی كێشەی كەسێك دەخاتە ڕوو و بە هاوكاری هەوادارانی ڕزگاری دەكات، كە زۆرینەیان ئەو كەسانەن سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە بەهۆی كارێكی نائەنقەست یان بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ دانەوەی قەرز لە زیندانن و كەسانی بێ زیانن.

لەم دواییانەدا هاوڕێیەكی وتبووی كە چاوشی شەوان بە جلوبەرگێكی تایبەتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی نەیناسنەوە سەردانی ماڵە هەژارەكان دەكات و خواردنیان بۆ دەبات.

بڵاوبوونەوەی یەكەمین ئەلبووم

لە زستانی ساڵی 2004 یەكەمین ئەلبوومی گۆرانی چاوشی بەناوی (نفرین) واتە نەفرەت بەشێوەیەكی نافەرمی و بێ ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێران بڵاوبوویەوە، بەڵام بەهۆی نزیكی دەنگی موحسن لە (سیاوش قمیشی) و (پوریا مقدم)ـەوە زۆرێك لە خەڵكی دركیان بە جیاوازی هونەرمەندەكە نەكرد، بەهۆی ئەوەش كە نافەرمی بوو ئەلبوومەكە بووە هۆی كێشە بۆ موحسن و بۆیە زۆرترین هەوڵیدا دوابەدوای ئەوە هیچ ئەلبوومێكی بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت بڵاونەبێتەوە.

كارەكانی دیكە

دوای ئەلبوومی یەكەمی، چاوشی بە ئەلبوومی (خودكشی ممنوع) توانی خۆی بناسێنێت بە بەشێكی زۆری خەڵكی ئێران و هەندێك لە لایەنگرانی گۆرانی فارسی لە كوردستانی باشوور، بەڵام ئەم ئەلبوومەش وەك ئەلبوومی پێشوو بە شێوەیەكی نافەرمی و بەبێ مۆڵەت بڵاوبوویەوە.

دواتر لە ساڵی 2008 ئەلبوومی (یه شاخه نیلوفر) بە مۆڵەتەوە بڵاوبوویەوە و بووە یەكەمین ئەلبوومی یاسایی چاوشی، ئەمەش ناوبانگێكی بۆ چاوشی پەیداكرد.

لەگەڵ ئەوەی چاوشی كێشەیەكی زۆری تووش دەبوو بۆ كاری یاسایی ئەلبوومەكانی و چەندین جار گۆرانییەكانی بە (دزی و فێڵ و خیانەت)ـی كەسانی نزیكییەوە بڵاودەكرانەوە و بەخراپ سوودیان لێوەردەگیرا بەبێ ڕەزامەندی چاوشی، بەڵام ئەو هەمیشە ڕەتی كردووەتەوە وڵاتی خۆی و خەڵكەكەی جێبهێڵێت و ڕووبكاتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بە ئازادی بتوانێت گۆرانی بڵێت و بڵاوبكاتەوە.

چاوشی لەو تاكە بەرنامەیدا كە بەشداری كردووە و وەڵامی هەندێك پرسیار دەداتەوە بە دەنگ، باس لە سەختی سەرەتای كاركردنی دەكات و دەڵێت :

" سەرەتا لەبەر نەبوونی ستۆدیۆ و نەبوونی توانای دارایی بۆ بەكرێگرتنی ستۆدیۆ ناچاربووە كۆمپیوتەر و مایكرۆفۆنی هاوڕێكانی ببات و لە ژێر بەتانی گۆرانییەكانی تۆماربكات، ئەم یادگارییە تاڵانەش دەگەڕێنەوە بۆ ئەلبوومەكانی سەرەتا و ئەلبوومی سەنتوری كە بۆ فیلمی سەنتوری وترا، بەڵام بە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەلبوومەكانی دواتری ئەم ڕۆژانە كەم كەم تەواوبوون. "

شەهرزاد و چاوشی

درامای شەهرزاد یەكێك بوو لە باشترین دراماكانی ساڵی 2016ی وڵاتی ئێران، هەروەها كاركردنی چاوشی لەگەڵ ئەم درامایەدا ئەوەندەی تر كاریگەری لەسەر ڕێژەی بینەری دراماكە هەبوو، سەرەتا بە گۆرانی (همخواب و كجایی) هەردوولا توانییان پەیوەندییەكی سوودگۆڕكێ لەگەڵ یەكدیدا ببەستن، كە ژمارەی گوێگرانی گۆرانی كجایی تەنیا لە یەك وێبسایت لەماوەیەكی كەمدا 36 ملیۆن بوو، ئەمەش بۆ ناوبانگی چاوشی و دراماكەش سوودێكی ئێجگار زۆری هەبوو.

چاوشی بە 12 تراك بۆ ئەم دراما توانی ڕیكۆردێكی مێژوویی بۆ خۆی بنووسێتەوە كە زۆرترین گوێگریان هەبێت.

بۆچی چاوشی كۆنسێرت ساز ناكات؟

زۆركات بابەتی كۆنسێرتی چاوشی بووەتە دەنگۆ لەناو خەڵكی و هەوادارانی، بەڵام ئیتر ئێستا كەس چاوەڕێی كۆنسێرت نییە بەهۆی ئەوەی چاوشی تا ئێستا چاوپێكەوتنێكی ڕووبەڕووشی نەبووە و وەك خۆی دەڵێت حەزی پێناكات، جارێك لە ساڵی 2010 و دوای ئەلبوومی (ژاكت) وابڵاوبویەوە كە كۆنسێرت دەكرێت بەڵام ئەنجام نەدرا، زۆرجاریش لەلایەن نەیارانییەوە تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ كە بۆیە نایكات چونكە دەنگی خۆی نییە و دەنگی كۆمپیوتەرییە، لە وەڵامی ئەمەشدا چاوشی هەستا بە بڵاوكردنەوەی دوو ڤیدیۆی كورتی خۆی لەگەڵ وتنەوەی گۆرانی (من ندانستم) لەكاتێكدا خەریكە سواری ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت، بەمەش سەلماندی كە پەیوەندی بە دەنگ و توانای ئەوەوە نییە. 

ئەلبوومەكانی

نفرین(نەفرەت)

بڕیاربوو سەرەتا بەناوی (عاقبت عشق) واتە سەرەنجامی خۆشەویستی بڵاوببێتەوە بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئەم ئەلبوومە بەشێوەی دەستاودەست بڵاوبویەوە و چاوشی بۆ ئەوەی ئیتر ئەوەندە بە كوالێتی خراپ بڵاونەبێتەوە خۆی دەستپێشخەری كرد و بەبێ مۆڵەت بڵاوی كردەوە.

ئەلبوومەكە لە هەشت تراك پێكهاتووە بەناوەكانی (نفرین، كفتر چاهی، فاصله، مرگ، لیلی و مجنون، راه دشوار، مسافر، غریب مادر).

خودكشی ممنوع(خۆكوشتن قەدەغەیە):

دووەمین ئەلبوومی چاوشییە و ساڵی 2005 بڵاوبویەوە بەبێ مۆڵەت، لەم ئەلبوومەدا هەردوو هونەرمەند (محسن یگانە و حامد هاكان) بەشدارییان كرد و هەرسێ هونەرمەند پێكەوە بە ناوبانگێكی مامناوەند گەیشتن.

ئەم ئەلبومە لە 10 تراك پێكهاتووە : (خودكشی ممنوع، اهای خبر نداری، امام رضا، حسرت خیس، كلاف، صبوری، تو و فاصله، بانوی من، خشخاش، ریمیكس).

لنگه كفش(تاكێك پێڵاو) 

سێیەمین ئەلبوومی چاوشییە و لە ساڵی 2005 بڵاوبویەوە و بە شێوەی نافەرمی لە یازدە تراك پێكدێت بەڵام بەشێوەی فەرمی لە 7 تراك پێكدێت، چونكە هەندێك لە تاك تراكەكان لەگەڵ نافەرمییەكەدا بڵاوكرانەوە.

ناوی تراكەكان: (لنگه كفش، بچەهای اهواز، تنگ بلوری، عشق دو حرفی، خاطرەهای مردە، شادابی، گیسو طلا).

متاسفم(بەداخەوەم)

چوارەمین ئەلبوومی هونەرمەندە و لە هاوینی 2006 بڵاوبوویەوە و یەكەمین جاربوو كە بە وێنەی چاوشییەوە ئەلبوومێك بڵاوبویەوە، بەڵام ئەمەشیان بەشێوەیەكی نافەرمی و بەبێ مۆڵەتی دەوڵەت.

ئەم ئەلبوومە 9 تراكە و هەریەك لە فەرزاد فەرزین و محەمەد بەهراد جاسمی و موحسن یەگانە و ئەردەشیر عەزیز دوست و عابید بەستامی بەشێوەی هاوبەش بەژدارن و كاری ڕێكخستنی لەلایەن شەهاب ئەكبەرییەوە بۆ كراوە.

ناوی تراكەكان: (عروس من، نفس بریدە، ابرای پاییزی، كم تحمل، متاسفم، گل سر، پرنده، فلسطین).

یه شاخه نیلوفر(چەپكێك گوڵی نیلوفەر)

پێنجەمین و یەكەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە و لە 14/8/2008 لە ڕێگای كۆمپانیای (اوای بارید) بڵاوكرایەوە، ئەم ئەلبوومە ناوبانگێكی زۆر باشی هەبوو و ڕێژەیەكی زۆر باشی لێ فرۆشرا.

كاری ڕێكخستنی لەلایەن محەمەد ڕەزا ئاهارییەوە بۆ كراوە بە هاوكاری چاوشی خۆی.

تراكەكانی: (یه شاخه نیلوفر، كجاست بگو؟، تبریك، چرا؟، قلە خوشبختی، هفتەهای تلخ من، خاكستر، ناز، تو كە نیستی، دلتنگی، بغض، عصا)

ژاكت(چاكەت)

شەشەمین ئەلبووم و دووەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە و دوای چەند جارێك دواخستن كۆتاجار لە 16/2/2010 لەلایەن كۆمپانیای (ایران گام) بڵاوكرایەوە بە 11 تراك و 1 كۆپلە شیعرەوە، ئەم ئەلبوومە ڕێژەیەكی زۆری لێ فرۆشرا.

ئەلبوومەكە لەلایەن خودی چاوشی و محەمەد ڕەزا ئاهاری و شەهاب ئەكبەری ـەوە كاری ڕێكخستنی بۆ كراوە.

تراكەكانی ئەم ئەلبوومە: (بازار خرمشهر، چهاردیواری، اسیری، دوره اخر، حراج، خنده، كی بهت خندیدە؟ لولای شكسته، بخون امشب، دلشورە، دریاچه مرده، ژاكت).

حریص(پێداگر)

حەوتەمین و سێیەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشی كە لە مانگی سێی 2011 بڵاوبویەوە لەلایەن كۆمپانیای (تصویر دنیای هنر).

ئەم ئەلبوومە بەتەواوی تێكەڵێ حەز و خولیاكانی خەڵك بوو و شێوەیەكی زۆر نوێ بوو بۆ هەوادارانی موزیكی پۆپ.

لەلایەن چاوشی و شەهاب ئەكبەری و ئەمیر جەمال فەردـەوە كاری ڕێكخستنی بۆ كراوە.

تراكەكان: (چمدون، پروانەها، غیرمعمولی، بوف كور، غم و شادی، حریص، پرندە غمگین، زیبایی، بادبادكهای رنگی، كافەهای شلوغ، دلم تنهاست).

سنتوری(سەنتوری)

هەشتەمین ئەلبووم و چوارەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشی كە بۆ فیلمی سەنتوری وتراوە لە ساڵێ 2006، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەشێوەی ئەلبووم و بەڕێكوپێكی كەوتە ساڵی 2011 و جیا لە ئەلبوومی سەنتوری، چەند گۆرانییەكی ئەلبوومی متاسفمیشی تێدایە.

تراكەكان: (سنگ صبور، زخم زبون، خیانت، من با تو خوشم، كلاغ، پاییز، متاسفم، ریمیكس).

پرچم سفید(ئاڵای سپی)

نۆیەم و پێنجەم ئەلبوومی فەرمی چاوشی كە لە كۆتایی ساڵی 2012 بڵاوبوویەوە، كاری ڕێكخستنی لەلایەن ئەكبەری و چاوشی و فەرد و كوشان حەدادەوە بۆ ئەنجام دراوە.

تراكەكان: (مردم آزار، جوابم نكن، خوان هفتصد، با من بمون، خواب بعد از ظهر، بگو مگو، قطار، پرچم سفید، تقاص، هر روز پاييزه).

من خود ان سیزدهم(من خۆم ئەو سیانزەیەم)

دەیەم و شەشەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشی كە لە ساڵی 2013 بڵاوبوویەوە و لە شیعری شاعیرانی وەك (شەهریار و مەولانا و وەحشی بافقی و باباتاهیری هەمەدانی و خەیام) پێكهاتووە و لەلایەن (كوشان حەداد و شەهاب ئەكبەری و ئەمیرجەمال فەرد و چاوشی)ـەوە كاری ڕێكخستنی بۆ كراوە، دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی تەواوی سیدییەكانی ئەم بەرهەمە فرۆشراون و نێردرایەوە بۆ چاپی دووەم.

تەواوی ئاوازەكان لەلایەن چاوشییەوە دانراون و یەكەمین ئەلبوومە چاوشی سوود لە شیعری كلاسیك و كۆن وەربگرێت.

تراكەكان : (غلط كردم، كو به كو، رمیدیم، نگار، ستمگر، شیرمردا، من خود ان سیزدهم، قراضە چین، بهرام گور).

پاروی بی قایق(سەوڵی بێ بەلەم)

یانزدەیەم و حەوتەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە و لە ساڵی 2014 بڵاوبوویەوە، شیعرەكانی لە شیعری (حوسەین صەفا و روزبە بمانی و حوسەین غەیاثی) پێكهاتوون و كاری ڕێكخستنی (چاوشی و ئومید حوججەت و كوشان حەدان و ئەمیر جەمال فەرد)، كاری میكس و مایسترینگی لەلایەن كریس بایۆنز لە ئەڵمانیا ئەنجامدراوە.

ئەم ئەلبوومە دوای سێ ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی بوو بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی سۆشیاڵ میدیا و لەدوای 24 كاتژمێر لە بڵاوبوونەوەی بوو بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی ساڵ.

چاوشی دوای بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكە لە فەیسبووكی خۆی نوسی كە دەیەوێت ناوی ئەلبوومەكە بگۆڕێت بەڵام دواتر بە پۆستێك ڕایگەیاند " هیچ ناوێكم نەدۆزییەوە باشتر لە سەوڵی بێ بەلەم" .

بەڕای زۆرینەی هەواداران ئەم ئەلبوومە جوانترین و باشترین ئەلبوومی چاوشییە.

تراكەكان: (دزیره، قهوە قجری، جز، تفنگ سرپر، خواب، پاروی بی قایق، یه خونە كوچك، كلنجار، یوسف، وصیت).

امیر بی گزند(پادشای بێ زیان)

دوانزەیەمین و هەشتەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە و پێشتر بڕیاربوو ناوی (چنگیز) بێت، كە ناوی یەكێك لە تراكەكانی ئەلبوومەكەیە.

ئەلبوومەكە لە ستۆدیۆی تایبەتی چاوشی تۆماركراوە و شیعرەكانی(مەولانا و سەعدی و پدرام پایزی و حوسەین صەفا) بەكارهاتوون و كاری ڕێكخستنی (چاوشی و عادل روح نواز و كوشان حداد و فەرشاد حسامی و بابەك نەقەوی و بەهروز سەفاریان) كردوویانە.

لە مانگی شەشی 2016 بڵاوبوویەوە و توانی خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵ بباتەوە لە فیستیڤاڵی مۆسیقای فەجر.

تراكەكان: (امیر بی گزند، دل من، چنگیز، این كیست این؟، جنگ زدە، شیدایی، شاه مقصود، پریشان، شرمساری، اخرین اوتوبوس، تریاق، متصل).

ابراهیم(ئیبراهیم)

سیانزەیەمین و نۆیەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە و لە مانگی نۆی 2018 بڵاوبویەوە دوای چەندین چەواشەكاری و ڕێگری لەلایەن وەزارەتەوە، تەواوی شیعرەكانی هی (حوسەین صەفا)ـن و ڕێكخستنی لەلایەن( فەرشاد حسامی و چاوشی و عادل روح نواز و مەیسەم مروستی و تەوحید نوری) كراوە.

تراكەكانی ئەلبوومەكە 8 تراكی فەلسەفی و ئاڵۆزن، بەڵام تەنیا 6 تراكیان مۆڵەتیان پێدرا و دوو تراكی دیكەیان بەبێ مۆڵەت و بە نایاسایی بڵاوكرانەوە كە هەردوو تراكی (ما بزرگ و نادانیم، تو در مسافت بارانی) بوون.

ئەم ئەلبوومە تەواو جیاوازە لە تەواوی ئەلبوومەكانی دیكەی و گۆڕانكارییەكی تەواو بەسەر فیكر و بیروبۆچوونی چاوشیدا هات لەدوای ئەم ئەلبوومەوە.

ئەلبوومەكە لەو ساڵەدا چووە كێبڕكێ لەگەڵ ئەلبوومی (ایران من)ـی هومایون شەجەریان و توانی ببێتە یەكەمین و پڕفرۆشترین ئەلبوومی ئەو ساڵە.

تراكەكان:(ابراهیم، تو در مسافت بارانی، مرد حسابی، نجار، ارزو، مداد قرمز، گاو، اسب، انسان، جهان فاسد).

بی نام(بێ ناو)

چواردەیەمین و دەیەمین ئەلبوومی فەرمی چاوشییە، كە لە مانگی دوانزەی ساڵی 2019 بڵاوبوویەوە، ئەم ئەلبوومە ئەلبوومێكی ڕۆحی و ئیمانییە و لە 11 تراك پێكهاتووە، تەواوی كارەكانی لەلایەن چاوشییەوە ئەنجامدراوە و شیعرەكانی( مەولانا و سەعدی و وەحشی بافقی و فصیح الزمان شیرازی) بەكارهێناون.

یەكەمجار ناوی ئەم ئەلبوومە (قومارباز) بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزارەت ڕێگای گرت لەوەی بەو ناوەوە بڵاوبكرێتەوە، بۆیە توڕەیی چاوشی وایكرد ناوی بنێت (بێ ناو) بەڵام لەناوەوەی ئەو سیدییەی كە دەفرۆشرا بەرگی (قومارباز) هەبوو.

ئەم ئەلبوومەش وەك چەندین ئەلبومی تر تووشی گەلێك كێشە بوویەوە هەتا ساتی بڵاوبوونەوەی.

تراكەكان:(قند منی، گنجشك پریده، بر سلطان، چنگ، قمارباز، عقل و خرد، زاهد، من ندانستم، قوم به حج رفته، راز).


سەرچاوەکان



18348 بینین